شاعیر: حافزی مەهابادی
کتێب: دیاری مەهاباد
سەرناو: بەهاری کوردستان
لەبارەی شیعر: مه‌لا غه‌فوری حافزی مه‌هابادی، دیاری مەهاباد، چاپی سێوەم، لاپەڕە ١٢٣ـ١٢٥. - مەلا غەفووری دەباغی، ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ ک. هـ، لاپەڕە ١٢٤ـ١٢٦. - نووسین: دیاکۆ ڕەحمانی زەنگیاوەیی

بەهەشتە خاکی کوردستان و سەیرانی بەهارانی
نموونەی کەوسەر و ئاوی حەیاتە چەشمەسارانی

چیا وو دەشتی ڕەنگینە، گوڵ و سوێسنە و ڕیاحینە
سەراپا سەوزەڵان شینە شێوەرد و شیارانی

حەیاتی جسمی بێ جانە، هەوایی باخ و باخاتی
نیشاتی ڕوحی ئینسانە فەزایی مێرغوزارانی

شەفایی خاتری بیمارە قووتی عاشقی زارە
چریکەی بولبول و ئاوازی قومری سەر چنارانی

لە سەر دڵ ژەنگی ماتەم لادەبا ڕوخساری گوڵزاری
بەچاوپێکەوتنی، سەد دڵ دەبێتە مات و حەیرانی

شەفابەخشی دڵی عوششاقە بایی سوبحدەم وەختێ
عەبیری بۆی گوڵان دێنێ لە سەر لووتکەی نزارانی

بەیانی دێ جریوەی مەل، خوڕەی بەفراوەکەی سەرکەل
لەگەڵ قاسپەی کەو تێکەڵ، لە دەم ڕژد و پەسارانی

کە تەشریفی شەریفی هات نەسیمی بایی نەورۆزی
گوڵاڵان سەر وەدەر دێنن لە لێوی جۆیبارانی

دەپۆشێ سەروی بوستانی کەوای ئەتڵەس لەبۆ جوانی
شکۆفەی دەردەکا لەنۆی چڵووک و شاخسارانی

تەواوی دەشت و دەر یەکسەر دەبێتە ئەتڵەسی ئەخزەر
بە گرمەی هەور و سۆزەی بای شەماڵ و ڕێژنەبارانی

غەزەل خوێنن هەموو، دەس پێدەکەن باڵداری سەر داری
زەوی پاکی دەخەمڵێ دێتەوە سەر دۆخی جارانی

کە مانگی بانەمەڕ داهات چ خۆشە دیمەنی کوێستان
سەراسەر خێوەت و ڕەشماڵ و خێڵە جێ‌هەوارانی

وەکوو سەروی خەرامانن کە پۆڵ پۆڵ دێنە مەڕدۆشین
بە لەنجە و ناز و عیشوە شەنگەبێری چاوخومارانی

نەشئەبزوێنە قاو و قیژی کەسک و سووری خێڵاتی
قریوەی زاووماک و کاڕ و کووڕی بەرخ و کارانی

لە لایەک داوەتی کیژانە بەزم و ڕەزمی لاوانە
لەلایەک ئەسپ و ڕمبازی جلیتی شۆڕە سوارانی

لەلایەک تیپی زەحمەت‌کێشی خاکی نیشتمانی جوان
بە هێزی شان و هۆی بازوو دەکێڵن دێمەکارانی

لەگەڵ جووتی کەڵ و گا دێنە مەزرایە بە دڵ‌خۆشی
لەبۆ کێڵان و دەرهێنانی مووچە و جێ‌بەیارانی

خەریکی کەسپ و کارن لاوەکانی نیشتمان‌پەروەر
بە ڕۆژ و شەو سرەوتیان بۆ نییە تیپی هەژارانی

بەکورتی هەوڵی پێشکەوتن دەدەن کۆمەڵ بە خاس و عام
خەمم بۆ 'حافز'ی مسکین، بەجێ‌ماوە لە یارانی